شۆکرانە لە دیوان شاکە و خان مەنسوور

شاکە و خان مەنسوور – شۆکرانە

خ – شۆکرانەم پێد بوو بینای بان سەر
ش – کوورە گڵاڵان لافاو گرتە وەر

شۆکرانەم پێد بوو کەس سڕ نەزانا
سفێد پەڕ لەو ڕوی سەرزەمین شانا

شۆکرانەم پێد بوو هەر وەخت مەیلت هەس
وە بێ نم سەونز کەیگ گوڵان کەڵ مەس

شۆکرانەم پێد بوو سایەقەی نەسیم
سەرتیەتان کردیە وە تڵا و وە سیم

شۆکرانەم پێد بوو ئاو شەو ماسن
ئاقای عزرائێل بەنێیایەم تا سن

شۆکرانەم پێد بوو ئەی بارئلاهی
زەمین یەخ بەساس تاگاهـ ماهی

ماهی ها وەبان گوردەی نەهەنگێ
نەهەنگ ها وەبان بەربەر سەنگێ

ئەو سەنگە ها بان تێخ فەرەنگێ
پەیوەسە لەبان زوان لەنگێ

وە شەو مەسازوو میل سووهانساو
وە ڕوژ مەتکێ قەترە قەترەی ئاو

پەندی پێشینیان – ١

پەندی ژمارە ١:

کەس بە ماستی خۆی ناڵێت ترشە.

ترش بوونی ماست زۆر ناخۆشە و بە هۆی مانەوەی زۆر ڕوودەدات. ئەم پەندە لە کاتێکدا بە کار دێت کە یەکێک بەس تاریف لە خۆی یان شتێکی خۆی و تایبەت بە خۆی دەکات و بە هیچ جۆرێک خراپییەکانی نابینێت.
بەداخەوە هەندێک بە هەڵە بەکارێ دەهێنن و دەڵێن: کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە. هەڵەبوونی بابەتەکە لێرەدایە کە ترش بوونی دۆ شتێکی باشە و دۆی باش بە ترشە نەک شیرین لە حاڵێکدا ماستێکی باش شیرینە.

مەتەڵی کوردی – بەشی ٤

تکایە هەوڵ بدەن ئەم مەتەڵانە وەڵام بدەنەوە و لەمنداڵانی خۆشتان بپرسن کە : ١- وشەی کوردی فێر ببن. ٢- مێشکیان وەجووڵێت.

*وەڵامی مەتەڵەکان دوای چەند ڕۆژ لێرەدا دادەنرێت.

١- سکی بەرخە، پشتی کارە
کلک مەقەسە، سەری مارە

٢- لە ئاسمان دیارە
لە زەوی دیار نییە

٣- خڕە وەک گۆیە
ترشە وەک دۆیە
کەرە لیمۆیە

٤- تا لێی نەدەی دەنگی نایە؟

٥- بانێک لەسەر چنارێکە
لە سەر بانیش گۆچانێکە

 

 

 

 

وەڵامەکان:
١- پەرەسێلکە
٢- هەرکامە لە پیتەکانی “ئـ”، “ا”، “س”، “م” و “ن” کە لە وشەی ئاسماندا هەن وەڵامی ئەم مەتەڵەن.
٣- لیمۆ
٤- دەهۆڵ
٥- تەشی

کورتەی ژیانی ئەحمەدی خانی

ئەحمەدی خانی

ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم بووە. لە ساڵی ١٠٦١ی کۆچیی مانگی بەرانبەر بە ١٦٥٠ یان ١٦٥١ زایینی لەدایکبووە. نازناوی شیعری لە ھۆزی خانییان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە دەوروبەری ناوچەی بۆتان بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری بایەزید. لە مەم و زینەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خانی لە جزیرە‌ ژیاوە. خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆیی و شارەزاییەکی چاکی لە فەلسفە و زانستەکانی دیکەدا ھەبووە.
وەک لە سەرچاوەکانی ژیانی و کردەوە ئەدەبییەکانی شاعیر دەردەکەوێ باب و باپیرانی لە ڕووی داراییەوە ژیانیان ئاسان بووە و بە بەختیاری ژیاون. ئەحمەدی خانی ھەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئەمە دوو لایەنی ڕووناکی بووە، یەکەمیان بەرھەم ھێنانی داھێنانی ئەدەبی، واتە شیعری، دووەمیان فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵان و لاوی کورد لە ڕووی خوێندەوارییەوە.

شاعیر لە مەڵبەندی لە دایکبوونی، شاری بایەزید، لەساڵی ١٧٠٧ (١١١٩ی کۆچیی مانگی) کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

ئەحمەدی خانی لە سەردەمێکدا بە زمانی کوردی شیعری نووسیوە کە هەمووان بە فارسی و عەرەبی دەیاننووسی.

بەرھەمەکان:
– عەقیدەیا ئیمانێ، بە پەخشان و ھۆنراوە سەبارەت بە پێنج کۆڵەکەی ئیمان لە ئیسلامدا نووسراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سوید چاپ کراوە.
– نووبەھارا بچووکان، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپکراوە.
– مەم و زین، ١٦٩٢، یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە.
– ‘”غەزەل و قەسیدە'” ، بەشێک لەو بەرهەمانەی خانین کە هونەرمەندیی خانی پێشان دەدەن و لەڕوی بیر و فەلسەفەی خانی تەواوکەری مەم و زینە.

سەرچاوە: ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی

 

مەتەڵی کوردی – بەشی ٣

تکایە هەوڵ بدەن ئەم مەتەڵانە وەڵام بدەنەوە و لەمنداڵانی خۆشتان بپرسن کە : ١- وشەی کوردی فێر ببن. ٢- مێشکیان وەجووڵێت.

*وەڵامی مەتەڵەکان دوای چەند ڕۆژ لێرەدا دادەنرێت.

١- خانوویەکم هەیە، تەنگ و تاریک
پڕیەتی لە حوشتری مل باریک

٢- سەری تەسکە بنی بڵاوە
کەرە کڵاوە، کەرە کڵاوە

٣- لێفەشڕێک بە حەواوە
بە ملیۆن پینەی پیا دراوە

٤- لە ئاسمانا تەبەق تەبەق
لە زەوی کوچک و کەڵەک
ماندوو نەبی عەبا بەڵەک

٥- بن یێ شینە
سەر یێ سپییە
کولاڤ زێڕینە

 

 

 

 

 

وەڵامەکان:
١- هیلانەی مێروولە
٢- کڵاو
٣- ئاسمان و ئەستێرەکان
٤- شووتی
٥- نێرگز(گوڵ)